ڕۆژی جیھانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیھانی یە بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی ھەوڵەکانی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی ھاوکاری و پاڵپشتی یە بۆ توشبوانی نەخۆشی ئەیدز لەسەر ئاستی جیھان.
ڕۆژی جیھانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیھانی یە بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی ھەوڵەکانی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی ھاوکاری و پاڵپشتی یە بۆ توشبوانی نەخۆشی ئەیدز لەسەر ئاستی جیھان.
لە جیھان ۳٦,۹ ملیۆن ھەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش HIV ھەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەکوژێت لە جیھان و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەکاتە قوربانی ، ھەرچەندە تائێستا ئەیدز ، چارەسەری بنەبڕکەری نی یە بەڵام دەرمانی دژە ئەیدزی زۆر کاریگەر ھەنە کە دەتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی یە کە بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن کە ژیانێکی ئاسایی وەک ھەر کەسێکی تر بژیت ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئەیدزی ڕزگارکرد بەجورێک بەکارھێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی لە ۳٨ ٪ کەمکردۆتەوە ھەروھا ھۆکاری کەمبونەوەی لە ۳٦٪ توشبوی نوێ یە چونکە ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە پێشگیری و خۆپرێزی لە نەخۆشی ئەیدز.
لە ھەرێمی کوردستان لەم ساڵ ٦ حاڵەتی نوێی نەخۆشیەکە لەنێو ھاووڵاتیانی ھەرێم تۆمارکراوە ، بەمەش کۆی گشتی توشبوانی ئەیدز لە ھەرێم ( لە ساڵی ۱۹٨٦ تا کۆتایی ۲۰۱٨ ) دەبێتە ۳۲ حاڵەت ، کە ۹ یان لە ڕەگەزی مێ یینەن و ۲۳ نێرینەن. ھەموویان لە ژێر چاودێری پزیشکی خۆپارێزین لە ھۆبەکانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئەیدز لە ھەرێمی کوردستان ، پشکنینی پێوویست و چارەسەر و ھۆشیاریان پێ دەدرێت.
ساڵانە زیاتر لە ۳٥۰ ھەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدز لە ھەرێم ئەنجامدەدرێت ھەموو بیانیەکان کە دێنە ھەرێم پشکنینیان بۆ دەکرێت ، ھەروھا ھەموو بوتڵێکی خوێن دەپشکندرێت و ئەوانەی تازە ژیانی ھاوسەری پێکدێنن ، کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان ، بەندکراوەکان ، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و ھەوکردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت ، ھەموویان پشکنیان بۆ ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئەیدز لە ھەرێم کە جگە لەم پشکنیانە ، چاڵاکی ھۆشیاری و دابینکردنیدەرمان و ئامێر و پێوویستی پشکنین لەخۆدەگرێت.
لەم ساڵدا ، لەئەنجامی پشکنینی بیانیەکان ۲۳ حاڵەتی نەخۆشیەکە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی ووڵاتانی خۆیان کراونەتەوە.
لەم ڕۆژەدا ، پەیاممان بۆ ھاووڵاتیان ئەنجامدانی خۆ وویستانەی پشکنینی ئەیدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیمان لە نەخۆشیەکە ، ھەروھا دورکەوتنەوە ڕەفتارە مەترسیدارەکان وەک کاری سێکسی لەدەرەوەی ژیانی ھاوسەری ، دوورکەوتنەوە لە تاتووکردن ، بەکارنەھێنانی دەرزی و سرنجی بەکارھاتوو . دوورکەوتنەوە لە ماددە ھۆشبەرەکان.
ھۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئەیدز و ئاشنابوون بەڕێگاکانی گوازتنەوە و خۆپاراستن لێی ، بەھێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیەکەیە.