ئەمڕۆ (١٩/٣/٢٠١٩)، لێژنەیەک لەلایەن "ناوەندی نیشتمانی بۆ چاودێریی و لێکۆڵینەوەی دەرمان"ی سەر به وەزارەتی تەندروستیی عێراق، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی(KMCA) کرد.
لێژنەکه به سەرۆکایەتیی "د. فەیسەڵ بەیاتی" هەموو بەشەکانی KMCAیان بەسەر کردەوه و لەلایەن بەرپرسی بەشەکانەوه، مکانیزمی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ روون کراوه.
دوای سەردانی بەشەکانی KMCA، لێژنەی ناوبراو لەگەڵ د.گۆران رۆژبەیانی بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی کۆبوونەوه.
له کۆبوونەوەکەدا، لێژنەی وەزارەتی تەندروستیی بەغدا خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم سەردانه دەربڕی و ستایشی کارەکانی KMCAیان کرد.
ئامانج له سەردانی لێژنەکه، هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و وەزارەتی تەندروستیی عێراقه، بۆ ئەوەی پشکنینەکانی KMCA که بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هاوردەکراو ئەنجامی دەدات، لەسەر ئاستی هەموو عێراق دانپێدانراو بێت و کاری پێبکرێت، ئەمەش بۆ ئاسانکاری له کاروباری کۆمپانیاکانی هاوردەکاری دەرمانه.