بەڕێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵ کردنى هێنان و دروست کردنى دەرمان و ئامێر و پێداویستى پزیشکی لە کوردستان

بەشی دەرمانیش لەخۆ دەگرێت؛ سەرۆکایەتیی ھەرێم ڕاپۆرتی تایبەت بە ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی بڵاو دەکاتەوە

دوابەدوای فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ١٠ـی ٢ـی ٢٠١٦ بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە دەکەن....


دوابەدوای فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ١٠ـی ٢ـی ٢٠١٦ بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە دەکەن.

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرچاوڕوونیی ڕای گشتی و ئاگاداربوونی ھاووڵاتیانی کوردستان ڕاپۆرتی دەرئەنجامی پڕۆسەکە لە ماوەی یەک ساڵدا بڵاو دەکاتەوە. ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاپۆرتی تایبەت بە ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازییە کە لە پێشەکی و نۆ تەوەر و بەشی کۆتایی پێکھاتووە:

ڕاپۆرتی سەرۆکایەتیی ھەرێم تایبەت بە ھەنگاوەکانی چاکسازی

پێشەکی

لە ڕێکەوتی ١٠/٢/٢٠١٦ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان چەند خاڵێکی گرنگی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بڵاوکردەوە، لە ماوەی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدران و نەخشەڕێگای کارکردن خرایەڕوو, لە دەستپێکی پڕۆسەکە، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نزیکەی (١٠٠) دۆسیەی بۆ لێکۆڵینەوە داوەتە دەستەی دەستپاکی و دۆسییەکان و بە پێی تایبەتمەندی دابەشکران بەسەر لایەنە پەیوەندیدارە دادوەرییەکان.

بە فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، (٣) سێ لیژنەی تایبەت بە (زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی)، و (دەرمان و پێداویستی پزیشکی)، و (وەزارەتی پێشمەرگە و سلکی سەربازی) پێکھێنران، ئەندامانی لیژنە لەسەر بنەمای شارەزایی و دەستپاکی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان دیاری کران بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی سیاسی و حزبی.

لە ھەمان کات و لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٦، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داھات، دەستی کرد بە دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیار و پێکھێنانی کۆمەڵێک لیژنە. ھەروەھا ھەنگاوەکانی شەفافیەت لە بواری گشت پرۆسەکانی نەوت و گاز لە ڕێگەی وردبینی سەربەخۆ لە داھات و خەرجییەکانی نەوت و گاز بە ھەموو وردەکاریەکانییەوە دەستی پێکردووە و خەرجییەکانی بەکاربردن بۆ نیوە زیاتر کەمکراونەتەوە و داھاتەکانیش ڕێکخراونەتەوە.

ھەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی پلاندانان بە ھاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی نەخشەڕێی چاکسازیی ئابووری ڕاگەیاند. لە ھەمان کاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووری بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک ڕاوێژکاری بیانی و ناوخۆ بەرنامەی چاکسازی لە کەرتی دارایی گشتی و سیستەمی بانکی دەستپێکرد.

دواتریش سیستەمی بایۆمەتری بۆ تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێم بە مەدەنی و سەربازی و ئاسایش ڕاگەیەندرا. ھەریەک لە دامەزراوەکانی ئەنجومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاکی و دیوانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی، ھەریەکەو بە پێی تایبەتمەندیی خۆی بە شێوەیەکی کارا لە پڕۆسەکە بەشداربوون، و سەرەڕای ئامادەکردنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ڕای گشتیی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی ھەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی دیکەیش بەردەوام دەبن.

لە چوارچێوەی ئەم ڕاپۆرتەدا، پوختەی ئەو ھەنگاوانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو کە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی ئەنجامیان داون:

تەوەری یەکەم:

نەوت و داھات و خەرجییە گشتییەکان

یەکەم: پەرەپێدانی شەفافیەت لە ڕێگەی وردبینیی سەربەخۆی داھات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی ھەرێمـی بۆ کاروباری نەوت و گاز بە بڕیاری ژمارە (٧٣) لە ڕێکەوتی ٣/٢/٢٠١٦، ئەنجوومەنی ھەرێمـی ڕاسپارد بۆ بەستنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی باوەڕپێکراوی تایبەتمەند بۆ وردبینیی ناوخۆیی سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی بەرھەمھێنان و مامەڵەکردن و ھەناردەکردن و شایستەداراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت و گازی ھەرێمـی کوردستان و بەرھەمەکانیان، چ لەناو بازاڕی ناوخۆ یان لە ڕێگەی بۆڕیی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری (جیھان) بە داھات و خەرجییەکانەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی چالاکییەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و بە بەردەوامی. بە بڕیاری ئەنجومەنی ھەرێمی ژمارە (٤٣٩) لە ٥/٥/٢٠١٦، بڕیاردرا کە دەستنیشانکردنی ئەو دامەزراوەیەی کە وردبینی ئەنجام دەدات لەناو باشترین کۆمپانیاکانی وردبینیکردنی نێودەوڵەتی.

پڕۆسەی تەندەر، لەلایەن ئەنجوومەنی ھەرێمـی بۆ کاروباری نەوت و گاز ڕێکخراوە لەپێناو دیاریکردنی باشترین و گونجاوترین ئۆفەر لەڕووی تەکنیکی و داراییەوە. بۆیە لە ڕێکەوتی ٥/١٠/٢٠١٦ ئەنجومەنی ھەرێمی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (Deloitte) ئیمزاکرد. ھەروەھا لە ڕێکەوتی ٣٠/١١/٢٠١٦ ئەنجومەنی ھەرێمی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (E&Y) ئیمزاکرد.

پڕۆژەی ئەنجوومەنی ھەرێمی بۆ وردبینی سەربەخۆی داھات و خەرجییەکانی نەوت و گاز سەرجەم پڕۆسەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ھیچ بوارێک بەدەر نەکراوە ئەویش بەم شێوەیە: پرۆسەی بەرھەمھێنان، پاڵاوتگە و بەرھەمە نەوتییەکان، ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، فرۆشتنی نەوتی خاو لەسەر ئاستی بازاڕی ناوخۆ، نەوتی ھەناردەکراو لە ڕێگەی بۆری ھەناردەی ھەرێمی کوردستان - جەیھان، ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تەنکەر، شایستەداراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەو پاداشتانەی ئیمزاکردنی گرێبەست و بەرھەمھێنان کە لە کۆمپانیا نەوتییەکان وەرگیراوە و وردبینی خەرجییەکانی سەرجەم ئەم بڕە پارانە، ژمێرە حسابییەکانی داھات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە بانکەکانی ناو ھەرێمی کوردستان و دەرەوەی، پڕۆسەکانی پەیوەندیدار بە بۆڕیی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان. یەکێک لە کۆڵەگەکانی سەرکەوتنی پڕۆژەی وردبینیکردن، خستنەڕووی داتا و زانیارییە سەبارەت بە گشت پڕۆسەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان، وەک لە بڕگە و خاڵەکانی پێشووتر ئاماژەی پێدراوە. بۆ ئەم مەبەستە، پۆرتاڵێکی ئەلکترۆنی دامەزرێنراوە کە سەرجەم دۆکیومێنت و گرێبەست و ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکان و داتا و زانیاری نوێکراوەی ڕۆژانە لەخۆدەگرێت بەوانەی پێشووشەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە.

لەدوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دەرئەنجامی وردبینی لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای وردبینیی ئاماژەپێدراو بۆ ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، پوختەی ڕاپۆرتەکە دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی لەگەڵ بەجێگەیاندنی ڕێکاری پێویست لەسەر ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکانی ھاتوو لە ڕاپۆرتەکەدا. ھەر بۆ ئەم مەبەستەیش، ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز بەرنامەی دامەزراندنی گرووپی بەدواداچوونی ھەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی وردبینیی نەوت و گاز بە مەبەستی ئاگاداربوونی خەڵکی کوردستان لە پێشڤەچوونی کار و چالاکییەکانی پڕۆژەکە و بەربەستەکانی, پلانی داھاتوو بریتییە لە وردبینیکردنی سەرجەم داھات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٧.

بۆ ئەم مەبەستەیش ھەماھەنگی کراوە لەگەڵ دەستەیەکی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی سەربەخۆیی دیوانی چاودێری بەپێی یاسای دیوانی چاودێری دارایی.

دووەم: باج

پڕۆسەیەکی ئیجرائات و لێپرسینەوە دەستی پێکردووە و چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکھێنراون و چەند کەسێکیش ئیحالەی دادگا کراون، و گۆڕانکاریی کارگێڕیی زۆریش کراون. بە ھۆی ئەم ئیجرائاتانەوە، بە سەدان ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.

• بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی ھەرێمیی نەوت و گاز ژمارە (٤٤٥٢) لە ٢٥/١٠/٢٠١٦، باج لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز وەردەگیرێت کە پێشتر نەبوو.

• ھیچ جۆرە ئیستسنایەک و بەخشینێک لە باج نەماوە و دەسەڵاتی خەمڵاندنی باجیش لە موخەمینی باج ستێنراوەتەوە و ڕێژەی جێگیر دانراوە.

• باج لە سەر زەوی بە تاڵ و باجی سەر پزیشکان و دەرمانسازان و زێڕینگران و باج بە سەر فەرمانبەرانی بیانی و باجی خانووبەرەی میری بە تەواوی ڕێکخراوەتەوە و ئەمەش کاریگەریی دەبێت لە سەر داھاتی گشتی.

• کێشەی ئەو میزانییە خیتامییەی کۆمپانیاکان کە ژمێریارانی یاسایی ئامادەیان دەکرد ھۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی داھات بوو، چونکە ‌بە پێی میزانییەکە ھەمیشە کۆمپانیاکان لە زەرەردابوون و زۆربەی ئەو میزانییانە نادروست بوون. بۆیە ڕێنمایی نوێ دەرکراوە کە ھەر میزانیەیەک کەموکوڕی و زانیاری ھەڵەی تێدابێت، ئەوا لە ڕێگای دادگاوە ئەم کەیسانە یەکلایی دەکرێنەوە.

• سەبارەت بەو کەس و کۆمپانیایانەش کە باج نادەن، ئەوا بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت تا سنووری بڕیاری قەدەغەکردنی سەفەر لەسەریان کە یاسا ڕێگەی داوە.

سێیەم: کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان

لە دوای بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٤، ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (١٠١٨) لە ١١/٢/٢٠١٤ بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کڕینی شمەک و دابینکردنی خزمەتگوزاریی و چاککردنەوە بە ڕێژەی ٧٠% و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکانی تر بە ڕێژەی ٥٠%، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ھەندێک لەو وەزارەتانەی کە خزمەتگوزاریی گشتی پەیوەندیدار بە بژێوی ڕۆژانەی ھاووڵاتییان پێشکەش دەکەن، وەک تەندروستی و خاوێنکردنەوەی شارەکان و پاراستنی ئاسایشی گشتی و پەروەردە و کارەبا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تایبەت بە بەکرێگرتنی خانووبەرە بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٠%، و خەرجییەکانی ئۆتۆمبێل و ھۆکارەکانی تری گواستنەوە و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانیان بە ڕێژەی ٤٠%، و ڕاگرتنی یەکجارەکی کڕینی کەلوپەلی ناپێویست بەتایبەتی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ خاوەن وەزیفە باڵاکان، بە جۆرێک کۆی گشتی خەرجییە گشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا (١٨) ترلیۆن و (٧٠٠) ملیار دینار بوو، بەڵام لە ھەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا کۆی گشتی خەرجییە گشتییەکان تەنھا (٥) ترلیۆن و (٣٤) ملیار دینار بوو، سەرەڕای ئەوەی کە کورتھێنانی بودجە بە رێژەی ٨٠% دابەزیوە، لەکاتێکدا کورتھێنان لە ساڵی ٢٠١٤دا شەش ملیار و نیو دۆلار بوو لە یەک ساڵدا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ بووە یەک ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلار. لەلایەکی دیکە، خەرجییەکانی کارەبا لە کڕینی گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا بووە بە سفر، لەکاتێکدا لە ساڵانی پێشوو، ساڵانە نزیکەی لە نێوان (٢) بۆ (٣) ملیار دۆلار بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لەلایەن کەرتی تایبەت خەرج دەکرا. سەرەڕای کەمکردنەوەی ھەندێک خەرجی تر وەک خەرجییەکانی بەچاپگەیاندنی کتێب لە وەزارەتی پەروەردە بە نموونە.

ھەروەھا لەژێر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، بابەتی شاند و سەفەری فەرمانبەران کە بارگرانییەکی زۆری لەسەر بودجەی حکومەت دروست کردبوو ڕێکخراوە، و وەزارەتی دارایی و ئابووری وەکو لایەنی پەیوەندیدار ڕاسپێردرا بۆ دەرکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری گونجاو کە شاند و سەفەری فەرمانبەران لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم ڕێکبخات، و لە کاتی ئێستادا کار بە ڕێنمایی نوێ دەکرێت.

چوارەم: زیادکردنی داھاتە گشتییەکان

بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی داھاتە گشتییەکان لە ھەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی زیادکردنی گومرگ و باجەکان و سزا داراییەکان و ڕەسم و کرێی خزمەتگوزارییەکان لە ھەرێمی کوردستان و چاکسازی لە پڕۆسە و میکانیزمی کۆکردنەوەی ئەو داھاتانە، لەسەر ئاستی گومرگەکان, ڕێکخستنەوە بۆ (٥٣٠) پێناسەی گومرگی بە ئاڕاستەی ئاسانکاری و برەوپێدانی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، سەرەڕای پیادەکردنی سیستمێکی ئەلکترۆنیی نوێ بۆ بەستنەوەی خاڵە گومرگییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و تۆمارکردنی سەرجەم پڕۆسەی گومرگی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی لە پێناوی بەرجەستەکردنی شەفافیەت و ئاسانکاری بۆ بازرگانان. ئێستا ھەردوو کۆمەڵگەی گومرگی (حاجی ئۆمەران) و (باشماخ) بەم سیستمە نوێیە کاردەکەن، و لە داھاتوویەکی نزیکدا گشت دەروازەکانی تریش دەگرێتەوە.

لە سەر ئاستی ڕسومات، لە سەرجەم وەزارەتەکان ڕێکخستنەوە و گۆڕانکاری بەرچاو لە ڕسوماتەکان کراوە، ھەروەھا موڵکەکانی وەزارەتی شارەوانی و ئەوقاف سەر لەنوێ جەرد کراونەتەوە و چاوخشاندنەوە بە بەکرێدانەکان کراوەتەوە.

تەوەری دووەم:

وەزیفەی گشتی و سیستەمی تۆمارکردنی بایۆمەتری

ئامانج لەم سیستەمە بریتییە لە تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سیستمێکی ئەلکترۆنیی بایۆمەتری ناوەندیدا بۆ ھەر کەسێک بە بەردەوامی مووچە لە حکومەت وەربگرێت، لە ژێر ھەر ناو و ناونیشانێکدا بێت، پێویستە خۆی لەم سیستەمەدا تۆمار بکات. ئەم پڕۆژە نیشتیمانییە بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی حکومەت لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٦ بە فەرمی دەستی پێکردووە، بە بەشداری (٧٥) بنکە و زیاتر لە (٢٤٠) پەنجەرە لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان و تا سەرەتای مانگی ئازاری ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت. دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان داتایەکی دروستی سەبارەت بە مووچەخۆران دەست دەکەوێت، کە دەبێتە بناغەی پێداچوونەوە بە میلاکاتی کەرتی گشتی. چاوخشاندنەوە و وردبینیکردنی ھەموو مووچەکان کە لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠% ی بودجەی حکومی بۆ خەرج دەکرێت. ھەروەھا ئەم سیستەمە، مووچەخۆری وەھمی و نایاسایی و دووبارەی نایاسایی ناھێڵێت، و لە داھاتوویشدا دەبێتە ھۆی نەھێشتنی دیاردەی مووچەخۆری بندیوار. ئەم سیستەمە مووچەخۆرانی کەرتی سەربازی و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەکانیش دەگرێتەوە. ھەر لێرەوەش، داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکەین کە خۆیان تۆمار بکەن و ھاوکار بن لە سەرخستنی پرۆسەکە. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و ڕێگەگرتن لە ھەر سەرپێچییەک، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە تا سیستەمی بایۆمەتری تەواو دەبێت بە ھیچ شێوەیەک لە جێگادانان و لادان و گۆڕانکاری لە میلاکات نەکرێت و ھەموو دامودەزگاکانی ھەرێمیش بە سلکی سەربازی و ئەمنیشەوە دەبێ بە پێی سیستەمی مەرکەزی مووچە وەربگرن، واتە لیستی مووچەخۆران بچێتە خەزێنە ئینجا وەزارەتی دارایی و ئابووری تەمویلیان بکات.

لەلایەکی دی، بۆ چاکسازی و چارەسەری ھەموو کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە وەزیفەی گشتی، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە پلە بەرزکردنەوەی نایاسایی و پاسەوانی بەرپرسەکان و دەرماڵەکان و خانەنشینی نایاسایی، لەلایەن حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی کرداری دەستیان پێکردووە و ڕاسپاردەشمان داوەتە حکومەت کە دەبێ قۆناغ بە قۆناغ سەرپێچییەکان چارەسەر بکرێن.

بابەتی پێدانی پلەی وەزیفی و بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان لە دوای دەستپێکردنی ئەو ھەنگاوانەی چاکسازی بە ھەموو جۆرێک و بۆ ھەموو کەسێک ڕاگیراوە و ئەنجام نەدراوە.

ئەوەی پەیوەندیدارە بە سوودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ھاوکاری کەمئەندامان و بەخشینە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێنمایی نوێ دەرچووە بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی ئەو بوارانە بەجۆرێک کە تەنھا کەسانی شایستە سوودمەند بن لە سەر بنەمای ڕاپۆرتی پزیشکی و ھەڵسەنگاندنی باری دارایی و بژێوی سوودمەندان، و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستراتیجی کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی بە بەردەوامی ئەم ڕێنماییانە نوێ دەکرێنەوە، و ھەر لەم بوارەدا مووچەی تایبەتی (٢٣) ھەزار کەس بڕدراوە کە مەرجیان تیادا نەبووە، سەرەڕای لابردنی ناوی زیاتر لە (٢٠) ھەزار کەس کە بەناوی کەمئەندام مووچەیان وەردەگرت و شایستەی نەبوون.

تەوەری سێیەم:

زێدەڕۆیی لە سەر موڵکی گشتی

بە بڕیاری ژمارە (٨) لە ساڵی ٢٠١٦، لیژنەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر زێدەڕۆی لە سەر موڵکی حکوومەت پێکھات، لە ماوەی کارکردنی ئەم لیژنەیەدا کە لە داواکاری گشتیی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان پێکھاتبوو، ھەنگاوی باش بۆ سنووردانان لە بەردەم زێدەڕۆیی کاریان لە سەر کراوە.

لە سەرەتای دەستپێکی کارەکاندا، زیاتر لە (٢٠) بیست بەرپرس و فەرماندەی سەربازی و کەسانی دەستڕۆیشتوو لێپرسینەوەی دادوەریان لەگەڵدا کرا، و بە سەدان دۆنم زەوی زێدەڕۆییان لە سەر ھەڵگیرا، ھەروەھا ئەو بەرپرسە کارگێڕیانەش کە لە ئیدارە لە گەڵیاندا ھاوکار بوون بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆییەکان دەستگیر کراون و ڕووبەرووی لێپرسینەوەی دادوەری بوون و لە وەزیفەش دوورخرانەوە، بۆ نموونە تەنھا لە سنووری پارێزگای ھەولێردا توانرا تا ڕادەیەکی زۆرباش زێدەڕۆیی سنووری بۆ دابنرێت. ھیچ کەس حەسانەی بۆ دانەنراوە. وردەکاری ناوی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون و ئەو زەویانەی زێدەڕۆییان لەسەر لادراوە و بڕی ئەو غەرامە و ئەو پارانەشی کە لێیان وەرگیراوەتەوە لە بەردەستی لیژنەی چاکسازی سەرۆکایەتی ھەرێم دان، بۆ نموونە تەنھا لە سنووری قائمقامیەتی ناوەندی ھەولێر (١٠٣) زێدەڕۆیی لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا تێکدراون، (٢٥٧) شوێنی نایاسایی و سەرپێچیکار داخراون لە بەنزینخانە و ڕیستۆرانت و قومارخانە و کارگەی غاز و...ھتد. تەنھا لە شاری ھەولێر (٤٣) بیری پایل لەو ماوەیەدا دەستیان بە سەردا گیراوە، ھەموو ئەوانەش کە سەرپێچییان کردووە دراونەتە دادگا.

لە زەوییەکانی بانەوانی (موساتەحە)، ھەنگاوی باش نراون و ژمارەیەکی زۆر زەوی موساتەحە کە لە ماوەی یاسایی دەستیان پێنەکراوە وەرگیراونەتەوە و کۆمەڵێک ئیجرائاتیش لەسەر سەرپێچی لەم بوارەدا کراون و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت، و لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧دا بە تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە بانەوانی چارەسەر دەکرێن، و دەبێ وەرگرتنی موساتەحە بە زیادکردنی ئاشکرا و بە شێوەیەکی شەفاف و بە پێی ڕێکارە یاساییەکان بەڕێوەبچێت. لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت بە ھیچ شێوەیەک گرێبەستی موساتەحە بکرێتە وەبەرھێنان و ناشبێت ھیچ موساتەحەیەک تەملیک بکرێت.

بۆ چارەسەری موڵکە داگیرکراوەکانی حکوومی و کێشەی زێدەڕۆیی لە سەر زەویی حکوومەت و ڕێکخستنەوەی گرێبەستەکانی موساتەحە، ڕێوشوێنی پێویست گیراونەتە بەر و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیار و ڕێوشوێنی کرداری و پێویست لەلایەن حکوومەت دەنرێن. لە سەر ئاستی داواکاری گشتیش بۆ ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی زیاتر لە (٩٠٠) سکاڵای یاسایی دژی سەرپێچیکاران دراونەتە دادگاکان لە ھەرێمی کوردستان.

تەوەری چوارەم:

وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و سلکی سەربازی

بە پێی بڕیاری ژمارە (٥) لە ٢١/٤/٢٠١٦، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و سلکی سەربازی پێکھێنا. دوابەدوای دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەکە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگی دا، لەوانەش قەدەغەکردنی دووپۆستی لە ناو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکەکانی (٧٠) و (٨٠) ڕاگەیاندرا. ھەروەھا لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرا کە تەواوی ئەو لێژنانەی بۆ کڕینی چەک و کەلوپەل و ئازووقە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێکھێنراوە ھەڵبوەشێتەوە و ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی گرێبەستەکان و فەرمانگەی یاسایی پابەند کران کە پاڵپشت بە یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە بوارەکانی گرێبەست کردن ئەنجام بدەن و دەرفەتی یەکسان بە تەواوی کۆمپانیاکان بدرێت کە لە کەمگەرییەکان (مناقێە) بەشدار بن. ھەروەھا بریار درا بە پێکھێنانی لێژنەیەک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە قەرزەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕادەی پێویستی وەزارەت بەو خەرجییانەی کە کراوە.

بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی بوارەکانی خانەنشینی پێشمەرگە چەند بڕیارێک درا کە تێیدا داوا لە حکوومەتی ھەرێم کرا تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە خانەنشینی پێشمەرگە ھەڵبوەشێتەوە و دۆسیەکانی خانەنشینی تەنیا لە یەک بەڕێوەبەرایەتی کۆبکرێتەوە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی بێت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، و بریار درا بە پێکھێنانی لێژنەیەکی تایبەت بۆ پاکتاوکردن و وردبینی لە تەواوی دۆسیەکانی و ھەر دۆسیەیەک بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان، و خزمەتی پێشمەرگایەتی ڕێکبخرێت و نابێت ھیچ خانەنشینکراوێکی نایاسایی ھاوتەریب بکرێت لەگەڵ ئەو پێشمەرگە قارەمان و ئازایانەی کە ژیانی خۆیان بۆ ڕزگاری و بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان تەرخان کردووە و دەیکەن. ئەم بڕیارانە کەوتوونەتە واری جێبەجێکردن و ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان گیراوەتە بەر.

وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خۆیشی کۆمەڵێک چاکسازی گرنگی ئەنجام داوە. بۆ نموونە، (١٥٦٦) ئەفسەر و پێشمەرگە لە بارەگای وەزارەت کەمکراونەتەوە، ھەروەھا چەندین بەش و بەڕێوەبەرایەتی لە ناو وەزارەت کەمکراونەتەوە. بەمەش سەدان ملیۆن بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە. ئەمە وێڕای کەمکردنەوەی خەرجی چاککردنەوەی ئۆتۆمۆبێل و سووتەمەنی. لیژنەیەک سەرلەنوێ بە لیستی کەمئەندامانی سەنگەر دادەچێتەوە و تا ئێستا لە کۆی (٨٦٧) کەس کە لەلایەن لیژنە پسپۆڕەکەدا بینراون، (٢٥٣) کەمئەندام ڕێژەی کەئەندامییان ھەڵوەشاوەتەوە و سەرجەم ئەو شایستە داراییانەشیان لێوەردەگیرێتەوە کە پێشتر بە ناڕەوا وەریانگرتووە، پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت و سەرجەم کەمئەندامانی سەنگەر جارێکی دیکە پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێتەوە. ھەروەھا بڕیار دراوە پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینیی سەربازی بکرێت و چارەسەری سەرپێچییە یاساییەکان بکرێت. سەبارەت بەو ئەفسەر و کارمەندانەی لە ھەرێم و بەغدا لە یەک کاتدا دوو مووچەیان وەرگرتووە، تا ئێستا (٩٠) ئەفسەر ئیجرائاتیان لەگەڵدا کراوە و (٧٠) ئەفسەری دیکەش لە ژێر وردبینی دان و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە (١٢) دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دراونەتە دەستەی نەزاھە و لێکۆڵینەوە لەسەر بەشێکی ئەم دۆسیانە دەستی پێکردوە و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیراوەتە بەر بەبێ ڕەچاوکردنی پلە و پۆستی سەربازی کە ھەڵیان گرتووە. ھەروەھا پلانی گۆڕانکاری گەورە و گرنگ لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە بەردەست دان و لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێدەکرێن.

تەوەری پێنجەم:

دەرمان

بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١٠) لە ڕێکەوتی ١١/٧/٢٠١٦، لیژنەیەکی تایبەت بە کێشەکانی دەرمان پێکھێندرا. لیژنەکە لە ماوەی کارکردنی خۆیدا ھەشت دۆسیەی دەرمانی ئامادەکرد و پێشکەشی دەستەی نەزاھە کراون. لیژنەکە گەیشتە کۆمەڵێک ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ بۆ چۆنیەتی ڕێگەگرتن لە دەرمانی قاچاخ و تەزویر، ھەروەھا ڕێکخستنەوەی کڕینی دەرمان و چارەسەری کێشەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان....ھتد.

لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ھەنگاوی کرداری دەستیان پێکردووە، بۆ چارەسەری کێشەکانی دەرمان و پێداویستی تەندروستی و بڕیاری پێکھێنانی کۆمەڵێک لیژنەش دەرچووە و بۆ لە مەودواش ئەوانەی لە کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان کاردەکەن و نابێت بە ھیچ شێوەیەک لە کەرتی تایبەت کاربکەن. ھەروەھا بڕیار دراوە کە لە داھاتوودا کڕینی دەرمان بە شێوەیەکی ناوەندی بێت و دامەزراوەیەکی تایبەت سەرپەرشتی و چاودێری کڕینی دەرمان بکات. لەو ماوەیەدا ھەوڵدراوە ڕێکار و ئیجرائاتی پێویست بەرامبەر دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان بگیرێتە بەر کە سەرپێچییان کردووە و بە دەیانیان داخراون و بەشێکیش لە خاوەن دەرمانخانەکان دراونەتە دادگا، تەنھا لە شاری ھەولێر (١٠١) تەن دەرمان و کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە.

تەوەری شەشەم:

گۆڕانکاری کارگێڕی و ھەیکەلیەتی حکوومەت

یەکەم: گۆڕانکاریی کارگێڕی

لەو گۆڕانکاریانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کراون، ھەوڵدراوە بە پێی پێوەر و مەرج و ساڵانی خزمەت و توانا و لێھاتوویی و پاکی و نەزاھەت و خاڵبەندی و کۆمەڵێک مەرج و بنەمای دیکە بێت، کە سیڤی پێشکەش کراوە و بۆ ھەر پۆستێک کۆمەڵێک کەس پێشبڕکێیان لەسەر کردووە، ھەوڵدراوە لە گۆڕانکارییەکان ھاندان بۆ پۆستە کارگێڕییەکان ھەبێت. بۆ نموونە چەند بەڕێوەبەرێکی ناحیە کراونەتە قائمقام، یان یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کراونەتە بەڕێوەبەری گشتی و ئیتر بەم شێوەیە. بۆ ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی و قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و پۆستەکانی دیکەش لە ئەنجوومەنی وەزیران پێوەری تایبەت دیاری کراوە و ساڵانی خزمەتی وەزیفی و کۆمەڵێک مەرج بۆ ھەریەک لەو پۆستانە دیاری کراون. تەنانەت بۆ ئەوانەیش کە ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، پێوەری کارگێڕی دیاری کراوە و ئەمەش ئەزموونێکی باشە و ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانەی لە مەودوا دەکرێن لەسەر ئەو بنەمایانە ئەنجام دەدرێن و پرۆسەی گۆڕانکاریش بەردەوام دەبێت.

دووەم: بچووککردنەوەی پەیکەری حکوومەت

دیراسەیەکی ورد بۆ پێداچوونەوە و بچووککردنەوەی ھەیکەلیەتی حکومەت ئامادە کراوە و لە کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی کوردستان دەخرێتە بەردەم پەرلەمان. لەلایەکی دی، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێکھێنا بۆ بچووکردنەوەی پەیکەری حکوومەت کە ئەوەیش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران دایە. لە ئەنجامی کارەکانی ئەو لیژنەیە، بە تێکڕا (٤٢١٢) ھۆبە و (١٥٣٤) بەش و (٤٥٢) بەڕێوەبەرایەتی کەمکرانەوە. بەم پێیەش زیاتر لە ملیارێک دینار تەنھا کرێی بینایە و زیاتر لە دوو ملیار دینار خەرجی کارگێڕی ساڵانە کەم دەبێتەوە.

تەوەری حەوتەم:

ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و ڕێوشوێنە دادوەرییەکان

یەکەم: ستراتیژی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان

دەستەی دەستپاکی بە ھاوکاری لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەی (وێستمینستەر)ی بەریتانی بۆ دیموکراسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ستراتیژی نیشتمانی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان لە ھەرێمی کوردستان نووسیوەتەوە و ماوەی ستراتیژەکە بە پێنج ساڵ دیاریکراوە و بوارە سەرەکییەکانی ستراتیژەکە بریتیین لە بواری خۆپاراستن و شەفافیەت، جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوونی دادوەری، ھۆشیاری پەروەردەیی و فێرکاری و ڕاھێنان و بەشداری کۆمەڵگە، ھاوکاری لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان. بۆ ھەریەک لەم بوارانەش، پلانی کار دانراوە و لیژنەیەکی باڵاش پێکھێنراوە بۆ چاودێری جێبەجێکردنی ستراتیژەکە. لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ستراتیژەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند دەکرێت.

دووەم: دۆسیەکانی گەندەڵی

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦، کارەکانی دەستەی دەسپاکی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە ماوەی ساڵێکدا (٢٢٩) زانیاریی گەندەڵی بە دەستەی دەسپاکی گەیشتووە، لەگەڵ (١٥٦) ھەواڵدەری. لە کۆی ئەمانەدا (١٩١) حاڵەت بوونەتە داوای سزایی و (١٣٨) کەیس لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، و (٥٠) حاڵەتیش ئیحالەی دادگا کراون.

بە تێکڕا (٣٦٢) کەس فەرمانی ئامادەبوون و دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەم ڕێژەیەدا (٣٠١) حاڵەت جێبەجێکراوە. ئەو ھێڵە گەرمەش کە لەنێوان دەستەی دەسپاکی و ھاووڵاتییاندا کراوەتەوە، چالاکانە کاری کردووە و ھاووڵاتییان لە ڕێگای ئەم ھێڵەدا بەشدار بوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

لە سەر چەکی بانکی و کێشەکانی وەبەرھێناندا کۆمەڵێک ئیجرائاتی دادوەری یاسایی کراون و لێکۆڵینەوە و ئیجرائات لەم دوو بوارەدا بەردەوام دەبن و لە ئایندەدا ئەنجامەکانی بە ڕوونی بە دیار دەکەون. ھەروەھا دیوانی چاودێری دارایی لە پڕۆسەی وردبینی و پێشکەشکردنی پڕۆژە و تێڕوانیندا ڕۆڵی دیاری ھەبووە لە پڕۆسەکە.

لەپێناو سەرخستن و پاڵپشتیکردنی پڕۆسەکە بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە فەرمانێکدا لە ١٧ـی ٤ـی ٢٠١٦ گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە ڕێکاری پێویست و ئاسانکاری بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بگرنەبەر بۆ ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی ئەرک و دەستەڵاتی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات.

تەوەری ھەشتەم:

پلانی ڕیفۆرمی ئابووری و وەزارەتی پلاندانان

ئەم پلانە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و بانکی نێودەوڵەتی و وەزارەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار ئامادەکراوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک نەخشەڕێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕیفۆرمی ئابووری پەسەند کراوە.

ئەو ھەنگاوانەی کە تا ئێستا لە سەر ئاستی ئەم نەخشەڕێگایە و وەزارەتی پلاندانان نراون بریتین لە گۆڕینی ڕێنمایی گرێبەستە گشتییەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان گونجاو بێت و لە ڕێکەوتی ٩/٨/٢٠١٦ کەوتە واری جێبەجێکردن، ھەروەھا دەرکردنی ڕێنماییەکی دیکە تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژە لە سەر بنەمای ھاوبەشیکردنی کەرتی گشتی و تایبەت، ئەمەیش لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت. ھەروەھا ستراتیژی پاراستنی کۆمەڵایەتی داڕێژراوە بۆ پاراستنی چینی ھەژار و کەمدەرامەت، کە تایبەتە بە فەراھەمکردنی بازاڕی کار و خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی و تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی. جگە لەمانە، لە چوارچێوەی نەخشەڕێی ڕیفۆرمی ئابووری پڕۆژەی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی (بوودجەی پڕۆژەکانی ژێرخان) تەواوبووە و پەیمانگەی کوردستان بۆ کارگێڕیی گشتی بە ھاوکاری حکوومەتی کۆریای باشوور بۆ بەرزکردنەوەی توانا مرۆییەکانی کارمەندانی حکوومەتی ھەرێم پێکھاتووە و ڕۆژی ١/٧/٢٠١٧ دەست بە سازدانی خول دەکرێت. ھەروەھا پلانێکی نوێ داڕێژراوە بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کە ئەمەیش لە پێناو فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەتە.

تەوەری نۆیەم:

گەڕاندنەوەی موڵک و سامان

١. پرۆسەی لێپرسینەوە لە موڵک و ماڵی ئەو بەرپرسانەی بە ناسروشتی و نایاسایی دەوڵەمەند بوونە دەستی پێکردووە و چەندین بەرپرسی باڵا لە کوردستان و بەغدا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بڕێکی زۆری ئەو سامان و موڵکەی بە ناڕەوا پێکیانھێناوە، لێیان وەرگیراوەتەوە و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت.

٢. تا ئێستا بە سەدان دۆنم زەویی نایاب لە کۆمپانیا گەورەکان وەرگیراوەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

٣. سەبارەت بەو موڵک و سامانانەی گەڕاونەتەوە و دەگەڕێنەوە، لە پڕۆسەیەکی پاک و شەفاف لەگەڵ لایەنی حکوومیی پەیوەندیدار بڕیاری لێدەردێت کە بۆچی و چۆن بەکاربھێنرێت.

٤. لە ئایندەدا وردەکاریی زیاتر لە سەر ئەم پڕۆسەیە بۆ ڕای گشتیی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

کۆتایی

ئەم ھەنگاوانە دەستپێکی کارەکانن و خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیەتی کە چاوەڕوانی ھەنگاوی گەورەتر و کاریگەرتر بکات و گرنگە ھەموو لایەکمان دوور لە بەرژەوەندیی حزبی سەیری پڕۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بکەین و پڕۆسەکە ببێتە پرۆسەیەکی سەرتاسەری و نیشتیمانی و بەردەوام و وەک زەرورەتێکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. جەختیش دەکەینەوە کە لەم پڕۆسەیەی دەستی پێکردووە، کەس نابێ پارێزبەندیی ھەبێت و دەبێ ھەموو کەس و لایەنێک بگرێتەوە بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و وەزیفی.

ھەموو ئەو چاکسازیانەیش لە کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داھات و ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گیراونەتە بەر و لەپێناو باشترکردنی ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان ڕێوشوێنەکان بەردەوام دەبێت و دەبێ کاریگەرییان لە سەر گوزەرانی خەڵک ھەبێت. ھەر لێرەوەش جارێکی دیکە سوپاس و ستایشی خۆمان بۆ خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دووبارە دەکەینەوە و دڵنیاین لە سایەی خوێنی شەھیدەکانمان و قارەمانێتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان ئایندەیەکی ڕووناک چاوەڕوانی گەلەکەمان دەکات.