بەڕێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵ کردنى هێنان و دروست کردنى دەرمان و ئامێر و پێداویستى پزیشکی لە کوردستان

پوختەیەک لەسەر یەکەم کۆنفڕانسی زانستی دەرمانسازی له هەرێمی کوردستان

رۆژانی ٦ و ٧ی ئەم مانگه، له ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستی و ئامێری پزیشکی(KMCA)، زانکۆی پزیشکیی هەولێر و سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان، یەکەم کۆنفڕانسی زانستی دەرمانسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.


کۆنفڕانسەکه به سپۆنسەری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمانی کوردستان (ئاوامێدیکا، پایۆنیر) و هەروەها کۆمپانیای (حیکمه) بەڕێوەچوو.

 

لەم کۆنفڕانسەدا چەندین سیمینار لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی بواری دەرمان پێشکەش کرا و له چەندین پانێڵ به تێروتەسەلی باس کەرتی دەرمان به گشتی و کەرتی دەرمان له هەرێمی کوردستان به تایبەتی کرا.

 

لەم کۆنفڕانسەدا، KMCA دوو سیمینار و دوو پانێڵی پێشکەش کرد و هەروەها لەلایەن وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیمینارێک لەسەر رۆڵی KMCA پێشکەش کرا.

 

 

له سەرەتای کۆنفڕاسەکەدا "د.رێکەوت حەمەڕەشید" وەزیری تەندروستی له سیمینارێکدا به ناونیشانی "دڵنیایی کوالیتی و رۆڵی KMCA"، باسی له دڵنیایی کوالیتی کرد لەو دەرمانانەی لەلایەن KMCA پشکنینیان بۆ کراوه و ستیکەریان لەسەره، هەروەها باسی له رۆڵی KMCA کرد له بەرەوپێشچوونی کوالتیی دەرمان له کوردستان، بەتایبەت دوای ٢٠١٢ که توانای KMCA له پشکنینی کوالیتی دەرمان و نرخ دەرمان و چاودێری بازاڕ زۆر بەرەوپێش چووه تاکو ئێستا.

 

 

له بەشێکی دیکەی کۆنفڕاسەکەدا "Sanjit Updhyay" شارەزای بواری تاقیگه له KMCA، له سیمینارەکەیدا به ناونیشانی "گرینگیی تۆمارکردن و سیستمی کوالیتی له پیشەسازیی دەرمان و رۆڵی KMCA"، باسی له پرۆسەی تۆمار کردن و گرینگیی ئەم پرۆسەیه له پاراستنی کوالیتی دەرمان کرد و باسی له رۆڵی KMCA کرد که چەنده گرینگی بەم بابەته دەدات.

 

 

هەر له بەشێکی دیکەی پەیوەندیدار به KMCA، "عیسا قەرەنی" پسپۆڕی تاقیگه له KMCA، له سیمینارێکدا به ناونیشانی "تەنوولکەی بینراوی ناو گیراوەی دەرزی(ampule) و چۆنیەتیی زاڵ بوون بەسەریدا"، باسی لەو کێشەیه کرد و باسی له لێکەوتەکانی کێشەکه کرد و باسی له رۆڵی KMCA له زاڵ بوون بەسەر ئەم کێشەیەدا کرد.

 

 

لەم کۆنفڕانسەدا دوو پانێڵ لەلایەن KMCA به سەرپەرشتیی "د. گۆران میرزا" بەڕێوەبەری KMCA بەڕێوەچوو.

 

له پانێڵی یەکەم به سەرپەرشتیی د. گۆران و به بەشداریی د. سەلام جەواد و د. لانه عەبدولباقی و د.موراد ئایدن باس له "گرینگی تۆمارکردنی دەرمان له بواری دەرمانسازی" کرا.

سەرەتا د. گۆران کورتەیەکی لەسەر گرینگی تۆمارکردنی دەرمان و گرینگیدان KMCA بەم بابەته کرد.

 

له درێژەی پانێڵەکەدا د. لانه باسی له گرینگیی تۆمار له چۆنیەتیی هەڵگرتن و پاراستنی دەرمان لەناو کۆگاکان کرد و رۆڵی تۆمار له دیاری کردنی تایبەتمەندییەکانی شوێنی هەڵگرتنی دەرمان.

 

د. سەلام له درێژەی ئەم بابەته باسی له ئاسایشی دەرمان کرد و جەختی له رۆڵی سیاسەت له کەرتی دەرمان کرد که چۆن حکومەت دەبێت ئەم کەرته کۆنتڕۆڵ بکات و بۆچی دەبێت دەرمان له ژێر چاودێریی حکومەت بێت، بەهۆی ئەوەی کەرتی دەرمان پەیوەسته به بابەتی ئاسایشی نیشتمانی. باسیشی له بەرەوپێشچوونی تاقیگەکانی KMCA کرد له چۆنیەتیی پاراستنی دەرمان.

 

 

پانێڵی دووەم به ناونیشانی "ئالنگارییه نوێیەکان بەردەم کوالیتی کۆنتڕۆڵ" به سەرپەرشتیی د. گۆران و بەشداریی د. شاخەوان عومەر، د. موژه حەمەباقی و د. عیسا عبدالرحمن بەڕێوەچوو.

له دەستپێکی پانێلەکەدا د. گۆران باسی لەو ئالنگارییانه کرد که رووبەڕووی KMCA بوونەتەوه و چۆن بەسەر زۆریەک لەم ئالنگارییانەدا زاڵ بووه و پرۆگرامی چییه بۆ ئەوەی بەسەر ئالنگارییەکانی داهاتووداشدا زاڵ بێت.

 

له درێژەی پانێلەکەدا د. شاخەوان به گەشتبینیەوه باسی له پرۆگرامی KMCA بۆ زاڵ بوون بەسەر ئالنگارییەکاندا کرد و هەرەوها باسی له رۆڵی KMCA کرد له زاڵ بوون بەسەر ئەم ئالنگارییانەدا و جەختیشی کردەوه که KMCA به تەنیا ناتوانێت بەسەر هەموو ئالنگارییەکاندا زاڵ بێت و بابەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵ دەبێت ببێته خوو و نەریتێک که هەموو کۆمەڵگا تێیدا بەشدار بێت.

 

له درێژەی پانێلەکەدا د. موژه باسی له ئالنگارییەکی نوێی بەردەم KMCA کرد له پۆلێن کردنی بەرهەمه پزیشکییەکانی وەک دەرمان و بەرهەمی رووەکی و تەواوکەری خۆراکی و ئامێری پزیشکی و بەرهەمی جوانکاری که چۆن ئەم ئاستەنگه رووبەڕووی KMCA بۆتەوه و زۆرجار به گۆڕانکاری له رێژەی مادەیەک له یەکێک لەم بابەتانەی سەرەوه، بەرهەمێک له خانەیەک دەکەوێته خانەیەکی دیکه. بۆ نموونه به زیاد و کەم بوونی مادەیەک له بەرهەمێک، بەرهەمەکه له تەواوکەری خۆراکی دەبێته دەرمان یان دەرمانێک دەبێته بەرهەمی جوانکاری. هەروەها باسی لەوه کرد بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم ئالنگارییه، KMCA لێژنەیەکی تایبەتی بۆ پێکهێناوه بۆ نووسینەوەی رەشنووسێک بۆ پۆلێن کردنی وردی ئەم بابەتانه.

 

هەر له درێژەی بابەتەکەدا د. عیسا عبدالرحمن باسی له بابەتی دەرمانی ساخته کرد و به وردی باسی لەوه کرد که ئەمه کێشیەک نییه تایبەت بێت به کوردستان یان عێراق، بەڵکوو کێشەیەکی جیهانییه و بۆته وەرەمێک لەناو جەستەی بازاڕی دەرمان، که زیانێکی زۆری به بواری تەندروستی و ئابووریی جیهان گەیاندووه. هەروەها گوتی که KMCA خۆی به بەرپرسیاری یەکەم دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئالنگارییه بەڵام به هەماهەنگی لەگەڵ لایەنه پەیوەندیدارەکانی دیکەی کەرتی تەندروستی و پۆلیس و ئاسایش وهەروەها به پاڵپشتی حکومەت بۆ دابین کردنی بودجەی پوێست بۆ چارەسەر کردنی.

 

له درێژەی هەردوو پانێڵەکەدا، ئامادەبووان پرسیارێکی زۆریان ئاراستەی بەشداربووانی پانێڵەک کرد و به وردی لەلایەن بەڕێوەبەر و پسپۆڕانی KMCA وڵامی پێویستیان دراوه.

 

له کۆتایی کۆنفڕانسەکه کۆمەڵێک راسپارده ئاراسته کران بۆ بەرەوپێش‌بردنی KMCA و کەرتی دەرمان له هەرێمی کوردستان.