بەڕێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵ کردنى هێنان و دروست کردنى دەرمان و ئامێر و پێداویستى پزیشکی لە کوردستان

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی بازرگانیکردن بە دەرمان چەند بڕیارێکی گرینگی دەرکرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک لەبارەی مامەڵکردن بە دەرمانەوە دەردەکات و رایدەگەیێنێت، پێویستە سەرجەم ئەوانی مۆڵەتی کڕین و فرۆشتنی دەرمانیان ھەیە دووبارە مۆڵەت وەربگرنەوە و وەزارەتی تەندروستیش تاکە لایەنە کە مافی تۆمارکردن و پێدانی مۆڵەتی ھەیە، ھەر کەسێکیش بە قاچاخ مامەڵە بە دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە بکات سزادەدرێت.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک لەبارەی مامەڵکردن بە دەرمانەوە دەردەکات و رایدەگەیێنێت، پێویستە سەرجەم ئەوانی مۆڵەتی کڕین و فرۆشتنی دەرمانیان ھەیە دووبارە مۆڵەت وەربگرنەوە و وەزارەتی تەندروستیش تاکە لایەنە کە مافی تۆمارکردن و پێدانی مۆڵەتی ھەیە، ھەر کەسێکیش بە قاچاخ مامەڵە بە دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە بکات سزادەدرێت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١٠-٢٠١٨، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی بازرگانیکردن بە دەرمانەوە لە ھەرێمی کوردستان دەرکرد و لە بەشێکی بڕیارەکەدا ھاتووە: "ھەر کەسێک مۆڵەتی تەندروستی نوێ نەکاتەوە، مافی پێدانی مۆڵەتی لێدەسەندرێتەوە، ھەروەھا ھەر پزیشک و لایەنێک پێش ئەم بڕیارە رێککەوتنیان بۆ ساخکردنەوەی دەرمان واژۆکردووە دەبێت ھەڵبوەشێندرێتەوە".

 

وەک لە بڕیارەکاندا ئاماژەی پێکراوە، داواکاریی گشتیی چاودێر دیاریدەکات بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە و ئاماژە بەوەشکراوە: "ھەر رێککەوتنێک بەھەر شێواز و لەژێر ھەر پاساوێکدا بێت لەنێوان پزیشک و دەرمانساز و مەندوبی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکیی قەدەخەدەکرێت".

 

لە یەکێکی دیکە لە بڕیارەکاندا ھاتووە: "پزیشکی ددان لە کاتی نووسینی رەچەتەی پزیشکی دەرمان بۆ نەخۆش تەنیا ناوی زانستی بنووسن و، نابێت لەژێر ھەر بیانوو و پاساوێکدا ئاماژە بە ناوی بازرگانی کۆمپانیاکان بکرێت".

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان راشیدەگەیێنێت، ھەر کەسێک بەرھەمە پزیشکییەکان، یان کەرەستە کیمیاییەکان ساختە، کۆپی (تقلید) بکات و کڕین و فرۆشتنی پێوە ئەنجامبدات یان دروستیان بکات، بەپێی یاسای سزاکانی ژمارە ١١١ـی ١٩٦٩ سزادەدرێت.

لە یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە وەزارەتی تەندروستی چاوخشاندنەوە بکات بە تۆماری کۆمپانیاکان ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان: راگرتنی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیای نوێ تاوەکو بڕیاری نوێی لەبارەوە دەدرێت.

 

 

 

دەقی گرینگترین بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

 

گرنگترین بڕگەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارەکانی (٥٣٠٢)، (٥٣٠٣)، (٥٣٠٤)، (٥٣٠٥) و (٥٣٠٨) لە رۆژی ١٦-١٠-٢٠١٨.

 

 

١. رێگەنادرێت دەرمانساز ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەک مۆڵەتی دەرمانخانە و کۆگای دەرمان و پێویستە خاوەنی مۆڵەت خۆی بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە بێت.

 

٢. جگە لە پزیشکی دەرمانساز، ھیچ کەس و لایەنێکی دیکە مافی فرۆشتنی دەرمان و ئامادەکردن و پاراستن و تۆمارکردنی لە تۆماری وەسفی پزیشکی نییە.

 

٣. دەرمانساز بۆی نییە ھیچ دەرمانێک سەرفبکات بەبێ رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ، جگە لەو دەرمانانەی کە سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە ھەماھەنگی وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانیان دەکات. ھەر رەچەتەیەکیش تەنھا بۆ یەک جاربەکاردێت.

 

٤. پێویستە لەسەر گشت دەرمانخانەکان تۆماری وەسفی پزیشکییان ھەبێت بەم زانیارییانەی خوارەوە:

 

ڕ) ھەر دەرمانێک کە لە دەرمانخانەکەدا دابین کرابێت.

ب) وەسفی پزیشکی.

ج) چۆنییەتی بەکارھێنانی دەرمان.

د) ناوی ئەو نەخۆشەی کە دەرمانەکەی بۆ دابینکراوە.

ھـ) نرخی دەرمان.

و) ناوی ئەو پزیشکەی وەسفی پزیشکیی دەرمانەکەی کردووە.

ز) رێکەوتی دابینکردنی دەرمانەکە.

ی) رێکەوتی نووسینی رەچەتەی دەرمانەکە.

 

٥. پێویستە لەسەر دەرمانخانەکان وێنەیەک لە پسوڵەی کۆمپیوتەریی سەرفکردنی دەرمان بدەن بە کڕیاری بەکاربەری دەرمان.

 

٦. دابینکردنی گەنجینەی پێویست لە خاڵەکانی سنوور و ناو شارەکان بۆ پاراستنیان بەشێوەیەک لەگەڵ پلەی ترسناکی ئەو ماددانەدا بگونجێت و گشت مەرجە تەندروستی و زانستییەکانیشی تیادابێت لەڕووی پلەی گەرمی و شێ و رووناکی.

 

٧. ساردکەرەوەی تایبەتییان ھەبێت بەپێی ئەو مواسەفات و مەرجە داواکراوانەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاریدەکات بۆ پاراستنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ماددە تاقیگەییەکان و ماددە کیمیاوی و بەکتەرەلۆژییەکان و ماددەکانی تایبەت بەبواری پزیشکی ددان و ئەو ماددە و کەلوپەلانەی دیکەش کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەستنیشان دەکرێن.

 

٨. پێویستە ئەو دەرمان و مەوادانە بەپێی ستانداردی پلەی گەرمی پارێزراوبن و کەشوھەوای ناو دەرمانخانەکان و کەشوھەوای ناو ساردکەرەوەکان ھەمان ئەو کەشوھەوا بێت کە لە لیفلێت و پاکەتی دەرمان و مەوادەکاندا تۆمارکراون.

 

٩. دابینکردن و بەکارھێنانی ھۆکار و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو دەرمان و مەوادانەی ئاماژەیان پێدراوە لە سەرچاوە و خاڵە سنوورییەکانەوە بۆ ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و لەکاتی گواستنەوەیان لەناو ھەرێمی کوردستان.

 

١٠. دابینکردنی کارەبای ھەمیشەیی (٢٤) کاژێری بۆ دەرمانخانە و کۆگا و ئەو شوێنانەی دیکە کە لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێدراوە، و خاوەنی ئەم شوێنانە بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە لەسەر تێچووی خۆیان لە ئەگەری نەبوونی کارەبای نیشتمانی.

 

١١. چاوخشاندنەوە لەسەر کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و راگرتنی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیای نوێ.

 

١٢. قەدەخەکردنی ھەر رێککەوتنێک بە ھەر شێواز و لەژێر ھەر پاساوێکدا بێت لەنێوان پزیشک و دەرمانساز و مەندووبی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە مەبەست لێی ساخکردنەوەی ئەو بابەتانە بێت لە بەرامبەر مەبەستی بازرگانی و سوودی کەسی.

 

١٣. پێویستە لەسەر پزیشک و پزیشکی ددان لە کاتی نووسینی رەچەتەی پزیشکیی دەرمان بۆ نەخۆش تەنھا ناوی زانستی بنووسن نەوەکو ناوی بازرگانی یان کۆمپانیا و رەگەزنامەی کۆمپانیای بەرھەمھێنەر یان دەرمانخانەیەکی دیاریکراو.

 

١٤. رێگە نادرێت بە ریکلامکردن و پڕوپاگەندە (الإعلان والدعایە) بۆ ئەو دەرمان و بابەتە دەرمانسازییانەی کە بەکارھێنانیان پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشکییە.

 

١٥. ھەر کەسێک دەرمان یان بەرھەمە پزیشکییەکان یان کەرەستە کیمیاییەکان ساختە، کۆپی (تقلید) بکات، یان خستنەڕوو و کڕین و فرۆشتنی پێ ئەنجام بدات، یان دروستیان بکات، ئەوا پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بەم وەزارەتە سکاڵایان لە دژ تۆمار بکەن لە داگاکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار.

 

١٦. ھەر کەسێک بە پێچەوانەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان بەبێ مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار بە قاچاخ مامەڵە بکات بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەوا پێویستە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بەم وەزارەتە سکاڵایان لە دژ تۆماربکەن لە داگاکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار.

 

١٧. لیژنە پەیوەندیدارەکانی قایمقامییەت، ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کوالێتی کۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی ھاوشێوە دەستکراوە دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پشکنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەکان و دەستنیشانکردنی ناوی ئەو کەس و لایەنانەی دەبنە رێگر لە بەرامبەر بەجێھێنانی ئەرکەکانیان و راپۆرتکردنی زانیارییەکان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا بەپێی یاسای سزاکان ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ ھەموارکراو و لە کاتی کەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەرکانەی پێیانسپێردراوە یان ئاسانکاری بۆ سەرپێچیکاران، ئەوا رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و تووندترین سزا دەدرێن.

 

١٨.سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواکاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری ھەر پارێزگا و قەزایەک دەستنیشان دەکات وەک چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە.

 

بۆ بینینی دەقی بڕیارەکان کلیک لەسەر ئەم بەشانەی خوارەوه بکە:

 

یەکەم

 

دووەم

 

سێیەم

 

چوارەم

 

پێنجەم