بەڕێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵ کردنى هێنان و دروست کردنى دەرمان و ئامێر و پێداویستى پزیشکی لە کوردستان

بە پیشەیی و بە دامەزراوەیی‌کردنی کەرتی دەرمان

د. عیسا عبدولڕەحمان


د. عیسا عبدولڕەحمان

کەرتی دەرمان گرنگترین کایەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی هەموو حکومەتێکی مۆدێڕنە، چونکە کەرتی دەرمان لەڕێگەی دابینکردنی دەرمان بۆ هاونیشتمانیان دوو بەرژەوەندی گشتی دابین دەکات کە لەلایەک دابین‌کردنی چارەسەر و پاراستنی تەندروستی هاونیشتمانیانە و لەلایەکی تریش بازرگانی‌کردن و بەدەستهێنانی پارەیە بۆ هاونیشتمانیان و دەوڵەت، بەمەش کەرتی دەرمان رۆڵێکی گرنگ دەگێرێت چونکە شیرازەی کۆمەڵایەتی رێک دەخات و ئاسایشی تەندروستی و ئابووری هاونیشتمانیان دابین دەکات، هەر لە سۆنگەی ئەو گرنگیەی کەرتی دەرمان، ئێمەی دەرمانساز کە سەرمەشق و ناسنامەی یاسایی کەرتی دەرمانین، هەوڵی بە یاسایی و پیشەیی و دامەزراوەیی‌کردنی کەرتی دەرمان دەدەین.

 

بە پیشەیی و دامەزراوەیی‌کردنی کەرتی دەرمان گەرەنتی پاراستنی کەرتی دەرمان دەدات تا لەو رێیەوە ئاسایشی تەندروستی و ئابووری و شیرازەی کۆمەڵایەتی بێتەدی، بەبێ کەرتێکی دەرمانی مۆدێڕن و پێشکەوتوو و خاوەن سیستمێکی کارگێڕی بەهێز و چاودێریەکی چڕ ناتوانرێت حکومەت دڵنیایی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاونیشتمانیانی بدات.

 

بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رێکخستن و بەدامەزراوەیی‌کردنی کەرتی دەرمان لەو تێگەشتنە قووڵەوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە بڕیاری ئاوا گرنگ دراون و بوونەوتە جێگای ئومێدی هاونیشتمانیان لەلایەک و دەرمانسازان لەلایەکی تر، بەڵام بڕیارەکان پێویستیان بە میکانیسم و ئیرادەیەکی بەهێز و بوێری هەیە بۆ تەرجەمەکردنیان بۆ سەر ئەرزی واقیع و گۆڕینی ئەو واقیعە باوە خراپە کۆنە پاشاگەردانیەی کەرتی دەرمان تێیکەوتووە، بڕیارەکان پێویستیان بە بکەرانێکە کە ویستی چاکسازیان هەبێت لەناو کەرتی دەرمان، نابێت ئەو کەس و دەم و چاوە هەلپەرستانە ببنە جێبەجێکاری ئەو بڕیارانە کە ساڵانێکە بوونەتە وەرەمێک لەناو کەرتی دەرماندا و بەرپرسی سەرەکین لەو بێسەروبەری و پاشاگەردانی و گەندەڵیەی ناو کەرتی دەرمان، چونکە لە کۆتاییدا هیچ لە بڕیارەکان شین نابێت.

 

لە کۆتاییدا دەڵێم هونەری جێبەجێ‌کردن لە نووسین گرنگتر و قورسترە، بۆیە لایەنە پەوەندیدارەکانی تایبەت بە کەرتی دەرمان: وەزارەتی تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆڵ و دادگاکان و ئاسایش و پۆلیس ئەوە لە کۆتاییدا ئەنجومونی وەزیران بڕیاری دا و لەمپەر و بەربەستەکانی پێشتان نەمان، ئەو جارە رۆژ رۆژی کردارە بۆ ئەوەی خەمی هاونیشتمانیان بکەن بە خەمی خۆتان و کەرتی دەرمان بە باشترین شێوە رێکبخەن و وڵات لەو قەیرانی بێ‌متمانەییە بە دەرمان و پیشەی پزیشکی رزگار بکەن کە بووەتە هۆی دروستکردنی مەترسیەکی گەورە لەسەر شیرازەی کۆمەڵایەتی.