بەڕێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵ کردنى هێنان و دروست کردنى دەرمان و ئامێر و پێداویستى پزیشکی لە کوردستان

زانستی پزیشکی و فاڵچێتی بەناو پزیشکی

زانستی پزیشکی لقێکی زانستیە کە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ئەکات لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان لە مرۆڤدا لەسەر بنچینەی بەڵگە و زانین.


زانستی پزیشکی لقێکی زانستیە کە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ئەکات لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان لە مرۆڤدا لەسەر بنچینەی بەڵگە و زانین.

 

بۆ نمونە : کاتێک نەخۆشێک گەدەی ئازاری ھەیە یەکسەر نەخۆشەکە چارەسەری ئازاری گەدە یان نیشانەکانی ناکرێت بەڵکو دەبێت لەرێی پشکنینەوە بەتەواوی دڵنیا بینەوە تاخوا نەخۆشەکە بۆ ئازاری گەدەی ھەیە؟ یان ئایا بە راستی ئازاری گەدەیە یان ئازاری شوێنێکی ترە لە رێی دەمارەوە گوازراوەتەوە؟ ، بۆیە لەرێی پشکنینی تاقیگەیی و سەیرکردنی گەدە بە ناوبینین و کۆمەڵێک پشکنینی فیزیکی دەگەینە ئەوەی ئایا نەخۆشەکە برینی گەدە یان شێرپەنجەی گەدە یان چی ھەیە؟ واتە بە بەکارھێنانی رێگای پشکنین بە کۆمەڵێک ئامێر و رۆبۆت ئەتوانین پشکنینی نەخۆشەکە بکەین و بزانین نەخۆشی نەخۆشەکە چیە؟ کە ئێمە ناتوانین بە تەنھا لەرێی ھەستە گشتیەکانمانەوە یان گومانەکان و سەیرکردنمانەوە بیزانین ، چونکە زانین دوای بەڵگەی تەواو دروست دەبێت ، زانین بە تەنھا لەسەر ئەوە دروست نانێت تۆ بڵێی باوەرم وایە نەخۆشەکە ئەوە کێشەکەیەتی چونکە رەنگە راست بی یان ھەڵە، بەڵام کاتێک بەڵگەی تەواوت دەستکەوت لە چەند رێیەکەوە ئەوە دەزانی تاخوا گومانەکانت راستن یان ھەڵە و ھەروەھا دەگەیە راستیەکی باش.

 

ئەگەر ئێمە نمونە لەسەر شتێکی تر بێنینەوە وەک باران بارین (بۆ نمونە : ئازاد و رزگار دوو بران ، لە حەوشەی پێش ماڵیان دایکیان بە ئاو حەوشەکە دەڕشێنێت و بۆنی خۆڵی تەڕ بۆ ئازاد و رزگار دەچێت ، رزگار دەڵێت بارانە بۆ؟ چونکە باوەڕی رزگار وایە یان پێشتر ھەستی پێکردووە کە بۆنی خۆڵی تەڕ بێت بارانە ، بەڵام ئازاد یەک کاژێر پێشتر لە دەرەوە بووە بۆیە گووتی: باران نیە چونکە لە دەرەوە ھەوور نەبوو ، ئیتر ئەبێتە گفتوگۆ ، بۆیە ئازاد ئەڵێ بچینە دەرەوە سەیر بکەین بزانین بارانە ، سەیردەکەن دایکیان حەوشەی ماڵیان دەڕشێنێت) کەواتە لێرە بەڵگەی بە چاو سەیرکردن گەیاندوونیەتە راستی کە ئەو بۆنی خۆڵە نیشانەی باران بارین نیە.

 

ئەگەر زیاتر لەسەر بابەتی باوەڕکردن و زانین قسەی زیاتر بکەین (کاتێک دەگوترێت: من باوەڕم وایە...) ئەو قسەیە زۆر بەھێز نیە و بابای قسەکەر خاوەن بەڵگەی تەواو نیە و رەنگە لەباشترین حاڵەتدا لەرێی ئەزموون و ھەستە گشتیەکانەوە گەشتبێتە ئەوە یان لە خراپترین حاڵەتدا رەنگە درۆ بکات ، بەڵام دوای ھێنانەوەی بەڵگە و جێگیرکردنی بەڵگەکان لە چەند رێگە و سەرچاوەیەکەوە رەنگە باوەرەکە راست بێت یان ھەڵە ، بەڵام (کاتێک دەگوترێت: من دەزانم...) ئەوەی ئەو قسەیە ئەکات دەبێت چەندین بەڵگەی لە چەند رێگاو سەرچاوەیەکەوە ھەبێت لەسەر ئەو بابەتەی دەڵێت دەزانم.

 

کاتێک دەڵێت دەزانم و بەڵگەم ھەیە ئەوە قسەیەک و بانگەشەیەکی زۆر قورسە ، ھەتا پرسیار و گومانی زۆرتر دروست ئەبن لەسەر ئەو جۆرە بانگەشەیە وەک لەسەر ئەوەی کە دەڵێت : باوەرم وایە ، بۆ ؟ چونکە کاتێک دەڵێت دەزانم ئەوە دەبێت بەڵگەی تەواوی پێبێت لەسەر ئەو شتەی ئەیزانیت و دەبێت بەڵگەکانیشی جێگیربکرێن و راستاندنی بۆ بکرێت ھەروەھا ئەو رێگایانەشی کە بەڵگەکانی لێیەوە دەست کەوتووە دەبێت جێگیر بکرێن تاوەکوو بە باشی بگەینە ئەوەی ئایا دەزانێت یان نا ؟ چونکە زانین تەنھا بە ئەزمونکردن و سەیرکردن و ھەستکردن دەستناکەوێت بەڵکوھەستەکان و ئەزمونەکان و کۆمەڵێک رێگای بیرکردنەوە و گومان و ھەروەھا بەکارھێنانی رێگای دەرەوەی خۆت وەک رۆبۆتەکان و ئامێرەکان پێکەوە گرێدەدرێن و ئیش دەکەن بۆ ئەوەی بگەینە راستی.

 

ئینجا بەکارھێنانی ئەو رێگایانە لە ھەموو زانستەکان بە گشتی و لە زانستی پزیشکیدا بە تایبەتی پەیرەو دەکرێن ، لە زانستی پزیشکیدا نەخۆش نابێت چارەسەربکرێت تاوەکوو بەتەواوی دەستنیشانی نەخۆشیەکەی لەرێی پشکنینی فیزیکی و تاقیگەیی و تیشکی و سۆنار و ھەندێک شتی ترەوە نەکرێت ، ھەر کاتێک نەخۆش پێویستی بە پشکنین بوو و نەکرا و پزیشک چارەسەری نووسی بۆ نەخۆش ئەوە پیشیەیی بوونی پزیشکی نیە ئەوە فاڵگرتنەوە و قوماربازیە لەسەر جەستەی نەخۆشی خەڵک ، ناکرێت بەبێ زانین چارەسەری نەخۆشی بکرێت ، چارەسەری نەخۆشی لەسەر گومان و ئەزموون بە تەنھا ناکرێت ، وەک گووتمان ئەزموون و ھەستەکان و گومانەکان و زانینەکان لەرێی بەڵگەوە ھەموویان.

 

بێگومان پزیشک چەند زیرەکتر و وردتر و بە ئەزموونتر بێت باشترە بۆ نەخۆش و خەڵک باشتر سودی لێوەردەگرێت بەڵام زیرەکی و کارامەیی پزیشک ئەگەر تێکەڵبکرێت لەگەڵ بەکارھێنانی ئامێرە پزیشکیەکان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی و دواتر چارەسەرکردنی ئەوکات نەخۆش زۆر باشتر چارەسەر دەبێت.

 

جا ئەگەر ئەمە بۆ پزیشک راست بێت کە توانایەکی باشی زانستی و ئەکادیمی ھەیە ئەی بۆ نمونەکانی وەک مەلا علی و یاریدەدەرانی پزیشکی دەبێت چەند راست بێت؟ کاتێک کەسێک بە نەخۆشی دێتە لایان بەبێ پشکنین و ئەزموون و ھیچ توانایەکی ئەکادیمی و زانستی بەبێ بەکارھێنانی رێگاکانی زانینی نەخۆشی نەخۆشەکە چارەسەر ئەنوسن بۆ نەخۆش بەراستی ئەمە جگە لە فاڵگرتنەوە و قومارکردن لەسەر گیرفان و جەستەی نەخۆشی خەڵک ھیچی تری پێ ناگوترێت.

 

بۆیە لە کۆتایدا دەلێم ئەبێت ھۆشیاری خەڵک بگاتە ئاستێک ئەبێت لەگەڵ پزیشک گفتوگۆ بکات لەسەر نەخۆشیەکەی و پشکنینەکانی و چارەسەرکردنەکانی ، نابێت نەخۆش کە ئەجێتە لای پزیشک نەزانێت بۆ کام نەخۆشی چووە ئەبێت نەخۆش لە پزیشک تایبەتمەندتر بێت ، ھەروەھا نابێت نەخۆش کە ئەچێتە لای پزیشک داوای چارەسەر بکات بەبێ پشکنین،بەڵی بەداخەوە ئەزانم یاریدەدەرانی پزیشکی وایان فێرکردوون ، بەڵام ئەوە زانستە و بەرپرسیاریەتیە ئەبێت پشکنین بکەن بەتەواوی ئینجا چارەسەر وەربگرن ، لە کۆتایشدا بە پزیشکان دەڵێم بە بێ پشکنین چارەسەر بۆ نەخۆش مەنوسن ، ھەروەھا یاریدەدارنی پزیشکی دەست لە چارەسەرکردنی نەخۆش ھەڵبگرن چونکە ئەوەی تۆ باوەرت پێیە و وا دەزانی دەیزانی ھەرگیز راست نیە.

 

عیسا عبدالرحمن